پەیوەندی پەرەسەندن و خەلق

پەیوەندی پەرەسەندن و خەلق

لەو ساتەی کتێبی ڕەچەڵەکی جۆرەکان بڵاوکرایەوە لەساڵی 1859
لەلایەن چارلس داروین پەرەسەندن یەکێکە لەبابەتە پڕ مشتومڕ و گرنگەکان لەناو زانستدا و لەهەمان کاتیشدا پەیوەستە بەمەسەلەی خەلق

پەرەسەندن بەلایەنی کەم واتا چەند شتێک
①باوانی هاوبەش بۆ هەموو زیندەوەران
②میکانیزمی بازدان لە جینات
③میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتی

لەم نوسینەدا ڕوونی دەکەمەوە کە پەرەسەندن دژی خەلق یاخود خالقی خودا نییە بەڵکو میکانیزمێکە خودا بەکاریهێناوە و زۆرینەی داروینیەکانیش کەسانی ئیماندارن
(تێبنی: من وەک خۆم میکانیزمی پەرەسەندنی هەڕەمەکی ڕەتدەکەمەوە)

خۆشەویستان خەلق هەمیشە یەکسان نییە بەوەی کە خودا لەچاو تروکاندێنکدا شتێک بهێنێتە بوون کە زۆربەمان واتێگەیشتووین ، بەڵکو خەلق ئەکرێت پرۆسەیەکی دوور و درێژ بێت وەکو دروستبوونی گەردوون
(دروستبوونی ماددە پاشان کاکێشان و ئەستێرە و هەسارەکان و پەرەسەندنی ژیان)


بۆ نمونە مرۆڤ ڕۆبۆتێک دروستدەکات کەئەو ڕۆبۆتە بتوانێ ڕۆبۆتی تر دروستبکات ، ئایا ئەتوانین بڵێین مرۆڤ دروستکەری ڕۆبۆتەکانی تر نییە ؟
بەدڵنیایەوە نەخێر ، جا شیاوە خودا گەردوونی هێنابێتە بوون و لەڕێی یاسا سروشتیەکانەوە کە دروستی کردوون گەردوون پەرەبسێنێت و هەسارەیەکی گونجاوی وەکو زەوی دروستبێت بۆ دروستبوونی ژیان وپەرەسەندنی ژیان تێیدا


بەڵام ڕەنگە کێشەی هەندێ کەس بریتی بێت لە
پەرەسەندی داروینی کە پێی وایە بازدانەکان هەڕەمەکین و هیچ پلانێکی تێدانییە وهەموو زیندەوەران بەرهەمی هەڵە و سروشتێکی کوێر و بێ ئامانجن ، سروشتێک کەنازانێ چی دەکات هەروەکو ڕیچارد داوکینز کە کتێبێکی هەیە لەسەر ئەم باسە بەناوی
The Blind Watchmaker
و ئەم ڕەوتە پێیان وایە ئەگەر کات بگەڕێینەوە دەکرا مرۆڤ هەر دروستنەبوایە چونکە ئەوکاتە ڕێکەوت بەشێوەیەکی تر دەبوو.


بەڵام پەرەسەندن یەکسان نیە بەو میکانیزمە داروینیە بەڵکو پەرەسەندنی ناداروینیش هەن و چەندین میکانیزمی تریش هەن ، بەڵام پێش باسکردنی ئەوانە دەبێت بزانین داروینیەکانیش هەندێکیان پێیانوایە کەداروینیزم تەواو نییە و پێیوستی بە فاکتەری تر هەیە و مەسەلەکە پرۆسەیەکی بێ ئامانج نییە.
کریستیان دی دوڤو کە زانایەکی بایۆکیمیستریە پێی وایە بازدانەکان بەشێوەیەک پرۆگرام کراون کە پەرەسەندن بتوانێ بوونەوەری زیرەکی وەکو ئێمە دروستبکات و یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی
Life evolving
یاخوود سیمۆن مۆریس کەزانایەکی بەناوبانگی پالیۆنتۆلۆجی و پەرەسەندنە ،  پێی وایە پەرەسەندن بەپێی چەناڵێک و ئاراستەیەک دەڕوات و مرۆڤ دەبوو هەر دروستبێت کەلەکتێبەکەیدا باسی کردووە بەناوی
Life's Solution: Inevitable Humans in a Lonely Universe
یاخود کەسێکی وەک ستیوارت کوفمان کە زانایەکی بایلۆجیە پێی وایە وایە زیندەوەران و سیستەمی جەستەیان بەخۆڕێکخستن دەتوانن پەرەبسێنن واتا سیستەمی خۆڕێکخەر دەتوانێ پەرەبسێنێ بەژیان و گەشەی پێبدا وە یەکێک لەکتێبە بەناوبانگەکەی کەباسی خۆڕێکخستن دەکات
Origins of Order: Self-Organization and Selection in Evolution


وە ئێستاش ناوی هەندێک زانا دەهێنین کەناداروینین و میکانیزمی تریان پێشکەش کردووە ، بۆ نمونە
مایکڵ دێنتۆن کە زانایەکی جیناتە پێی وایە پەرەسەندن لەلایەن فۆرمێک یاخود کەسێک ڕابەرایەتی دەکرێت و شتەکان هەڕەمەکی نین و دژایەتی داروینیزمیش دەکات لە دوو کتێبی بەناوبانگیدا بەناوی
Evolution: A Theory in Crisis
Evolution: Still A Theory in Crisis
برایان گۆدوین کەزانایەکی بایلۆجیە باوەڕی بە خۆڕێکخستنی سیستەمە بایلۆجیەکانە و پێی وایە پرۆسەی داروینی زاڵ نیە.
مەی وان هو کەزانایەکی جیناتە ئەمیش باوەڕی بە خۆڕێکخستنی سیستەمە بایلۆجیەکانە.
ڕیمی چاوڤین کە زانایەکی بایلۆجیە باوەڕی وایە پەرەسەندن پرۆگرام کراوە.
جەیمس شاپیرۆ کە زانایەکی بایلۆجیە ، ئەمیش پێوە پەرەسەندن لەڕێی هەندەسەی سروشتی جیناتەوە ڕوودەدات ، واتا پرۆسەکە هەڕەمەکی نیە بەڵکو بەهەندەسیە ولەناو کتێبە بەناوبانگەکەیدا باسی دەکات
Evolution: A View from the 21st Century
زانایەکی تر کە هەڕەمەکیەت ڕەت دەکاتەوە د. لی سپێتنەرە کە پێی وایە ژینگە ئاماژەدەدات بە سیستەمی بایلۆجی زیندەوەران بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن نەک ڕێکەوت بەرپرس بێ ، لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا باسی دەکات
THE EVOLUTION REVOLUTION

بۆیە زانایانی پەرەسەندن هەموویان داروینی نین و پێیان وانیە کە داروینیزیم تەفسیری هەموو ژیان بکات ، پاشان ئێمە ئێستا با تەنها باسی بازدانە هەڕەمەکیەکان بکەین و واز لەمیکانیزمەکانی تر بێنین ، ئایا دەکرێت هەر بەڕاست بازدانەکان هەڕەمەکی بن چونکە وادەرئەکەوێت ؟
لێرەشدا زانایان هەندێ ڕای جیایان هەیە هەیانە بەڵێ هەڕمەکین بەلایانەوە ، هەندێکیان دەڵێن نەخێر وانین ، بەڵێ زاهیرەن هەڕەمەکی دەرئەکەون بەڵام لە ئاستی کوانتەمیدا خودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبات وەکو زانای فیزیا
ڕۆبێرت جۆن ڕاسڵ کە کتێبێکی ناوازەی هەیە بەناوی
Evolutionary and Molecular Biology: Scientific Perspectives on Divine Action
دەربارەی لایەنی ئاینی هەندێ لە ئاینناسەکان دەڵێن هەڕەمەکیەت ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی خودا و ئازادییەیە کە داویتیە سروشت و بەدیاری خودای دەزانن و لەهەڵگرانی ئەم بیروباوەڕە  کیس وارد و جۆن هاوت و جۆن پۆلکینگهۆرن وە پێشیان وایە هەڵبژاردنی سروشتی کاردەکات لەلایەن یاساکانی سروشت کە خودا دایمەزراندووە.


وە یەکێک لە توندترین داروینیەکان بریتیە لە کێنس میلەر کە زانایەکی بایلۆجیە و کەسێکی ئیمانداری مەسیحیە کتێبێکی هەیە بەناوی
Finding Darwin's God
کە تیایدا ڕوونی دەکاتەوە داروینیزم دژایەتی ئاین و خەلق ناکات.
زانایەکی گەورەتری داروینی کەپێشتر مولحید بوو و دواتر بووە مەسیحی فرانسس کۆڵنزە ، کە باوەڕی بەداروینیزمە و نوسەری کتێبی
The Language of God
کەتیایدا باس لەگونجاوی هەردوو داروینیزم و ئاین دەکات.
زانایەکی تری داروینی کە مەسیحیە ئەویش دێنس ڤێنێمایە
کە نوسەری کتێبی
Adam And The Genome
کە باس لەگونجاوی هەردوو داروینیزم و ئاین دەکات.
تەنانەت مایکڵ ڕوس کە مولحیدێکی داروینیە دەڵێت ئاساییە مرۆڤ دینداربێت و داروینیش بێت وە کتێبێکی هەیە لەسەر ئەم باسە بەناوی
Can a Darwinian be a Christian?

وە ئەم ئیماندارە یاخود دیندارە داروینیانە پێیان دەوترێت
Theistic evolutionists
زۆربەی زاناکان لەم ڕەوتەن ، کەپێیان وایە خودا پەرەسەندن بەکاردێنێ بۆ خەلقی زیندەوەران و ژیان لەباتی خەلقی ڕاستەوخۆ

پوختەی بابەت ئەوەیە بەڵێ دەکرێت ئیماندارەکان  پەرەسەندن هەڵبژێرن و تەنانەت داروینیزمیش هەڵبژێرن

(تێبینی : هەندێ لە ئیماندارەکان خوێندنەوەی حەرفی بۆ دەقە پیرۆزەکان دەکەن بۆیە پەرەسەندن قبوڵ ناکەن , وە ئەم پۆستەش حەقی نییە بەڕاست و ناڕاستی پەرەسەندن یاخود داروینیزم تەنها باسی پەیوەندی نێوان پەرەسەندن و خەلق و بیروڕای زانایان بووە).

Comments