ئاوی سەر هەسارەی زەوی لە کوێیەوە هاتووە؟


ئاوی سەر هەسارەی زەوی لە کوێیەوە هاتووە؟


 بە پێچەوانەی هەموو هەسارەیەکی تر لە کۆمەڵەی خۆرەکەمان ،هەسارەی زەوی نزیکەی %70 ئاوە. ئەوەش ئاشکرایە چەندە سوود و گرنگی هەیە بۆ بوونی ژیان و زۆر پڕۆسەی سرووشتی لەسەر زەوی، بەڵام بوونی ئاو بەو بڕە و شێوازە لەسەر زەوی شتێکی سەیر و پڕ نهێنی و نامۆیە بۆ هەسارەکەمان، چونکە بەپێی ئەوەی تا ئێستا دەیزانین سەبارەت بە چۆنیەتی و کاتی دروست بوونی هەسارەکەمان، ئەوەمان پێدەڵێت کە خۆی دەبووایە سەر ڕووی زەوی وشک و خاڵی بێت لە ژیان. لێرەدا بەشێوەیەکی خێرا و بەسادەیی با باس لە پڕۆسەی دروست بوونی هەسارەکەمان بکەین.

 کۆمەڵەی خۆرەکەمان لە داڕووخان و چڕبوونەوەی هەورێکی گازی و تەپ و تۆزی توخمەکانەوە دروست بووە، بەهۆی هێزی یەکتر کێشکردنی نێوانیان. کە تێیدا ئەوەندە ئاستی چڕبوونەوە و بەرزبوونەوەی پەستان زیادی کردووە لەو شوێنەی کە داڕووخانی هەورەکەی تێدا ڕووداوە، کە پلەی گەرمی زۆر بەرزتر بۆتەوە و تا ئەوکاتەی ئەستێرەیەک لەدایک بووە کە ئەو ئەستێرەیەش خۆرەکەی خۆمانە. لەوکاتەی وا تازە خۆر لە دایک بووە و لە سەرەتاکانی تەمەنیەتی، لەدۆخێکی ناجێگیر دابووە و بڕێکی زۆر لە وزە و تیشکی پەخشکردووە بە هەموو ئاراستەیەکیدا، کە پێی دەڵێن بای خۆری (solar wind). وە لەوکاتە کە تازە خۆر دروست دەبوو هێشتا دەوری بەری ئەستێرەکە پاشماوە و گاز و تەپ و تۆزی هەورە گەورەکەی هەرمابووە بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو بای خۆریە زۆربەیانی بەرەبەرە زیاتر و زیاتر بۆ دوورتر پاڵناوە و دووری خستوونەتەوە. کە تەنیا پاشماوە ڕەق و بەردینیەکان مانەوە وە هەر بەهۆی هێزی یەکتر کێشکردنی نێوانیان بەرەبەرە لەیەکتر نزیک دەبوونوە و زیاتر چڕ دەبوونەوە وە کۆدەبوونەوە بۆ قەبارەی گەورەتر، لە شوێنی جیاوازدا، تا ئەوکاتەی لە نزیک خۆر هەسارە بەردینیەکانی وەکو عەتارد و زوهرە و زەوی وە مەریخ دروست بوونە. وە لە ناوچە دوورەکانیش کە گاز و تەپ و تۆزەکە بۆی دوورخرابوونەوە، هەسارە گازیەکانی وەکو زوحەل و موشتەری و هتریان دروست کردووە. ئێستا کێشە و سەرئێشەکە لێرەدایە کە لەو دۆخ و ژینگەیەدا پلەی گەرمی زۆر بەرزبووە و ئاو بەشێوەی ڕەقی و بەستەڵەک نەدەکرا بمێنێەوە لەگەڵ ئەو وردە پاشماوە ڕەقی و بەردینیەکانی نزیک خۆر. واتا ئەو پاشماوانەی زەوی لێوە دروست بووبوو. چونکە هەر ئاوێک لەدۆخی ڕەقی بەهۆی پلەی گەرمی بەرزەوە دەبوو بە هەڵمی ئاو و بەهۆی بای خۆریشەوە لەگەڵ گاز و تەپ و تۆزی تر زۆر دوور دەخرایەوە. کەواتە ئەگەر ئاو هەر لەبنەڕەتەوە یەکێک نەبووبێت لەو شتانەی کە زەوی لێوە پێک هاتبوو، ئەم هەموو ئاوەی سەر زەوی بەشێوەی دەریا و زەریاکان لە کوێوە هاتوە؟! لەوەیە بڵێن کە ئاو بەهۆی کۆمەڵێک پڕۆسەی کیمیایی جیاواز دروست بووبێت لە سەر زەوی بەدرێژای هەزاران ساڵ. بەڵام ئێمە دەزانین کە دیاردە سرووشتیەکانی وەکو سووتانی ئاگر و هەناسەدان وە ڕۆشنەپێکهاتن و هتر تا ڕادەیەکی زۆر بە بەبڕی یەکسان ئاو بەرهەم دێنن و لەناوی دەبەن و شیدەکەنەوە. وە ئەگەر وا دابنێین ئەوە ڕاستیش بێت و لەوانەوە دروست بووبێت بەڵام هێشتا سەرجەمی ئاوی بەرهەم هاتوو لە هەموو ئەو پڕۆسانە ئەوەندە کەمە کە بەراورد ناکرێت بەو ڕێژە زۆرەی کە ئێستا لەسەر زەوی هەیە لە دەریا و زەریاکان و هتر. ئێستا کە زانیمان ئاو نە لەبنەڕەتەوە لەگەڵ زەوی دروست نەبووە و نە لەسەر زەویش دروست بووە مەتەڵەکەمان زیاتر لێ سەیر و ئاڵۆز دەبێت و دەبێت زیاتر بپرسین کە لەکوێوە هاتووە؟! لەو حاڵەتەشدا ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە کە لەوەیە لەدەرەوەی هەسارەی زەوی هاتبێت و خۆی کردبێت بە ناو هەسارەکەمان لەگەڵ بەردە نەیزەکیەکان(meteorite) یان نەیزەکە کلکدارەکان( comet) یاخود هەر تەنێکی بۆشایی ئاسمانی تر بووبێت کە بنەڕەتی دروست بوونی بۆ دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەکەمان بگەڕێتەوە، کە بای ئەوەندە لە خۆر و بای خۆریەوە دوور بووبێت کە ئاو توانیبێتی بەشێوەی دۆخی ڕەقی و بەستوویی نەجاتی ببێت. نەیزەکە کلکدارەکان کە هەر خۆیان زۆربەی ئاوی بەستەڵەکین لەوەیە کاندیدێکی مەنتقی بێت بۆ سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی، و لەوەیە لەسەرەتای دروست بوونی زەوی خۆی کێشابێت بەر هەسارەی زەوی و ئاو لەگەڵی گەشتبێتە سەر زەوی. بەڵام بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو ئاوەی لەو نەیزەکە کلکدارانە هەیە یەجگار زۆر دەوڵەمەنترە لە توخمی هایدرۆجینی قورس بەبەراورد بەو ڕێژەی هایدۆرجنی قورسەی لە ئاوی زەویدا هەیە. 

هایدرۆجینی قورس بریتیە لەو هایدرۆجینەی کە پڕۆتۆنێکی هەیە هاوشان لەگەڵ نیوتڕۆنێک لە چەقی گەردیلەکە، کە زۆر جار پێی ئەڵێن دیتریۆم (deiterium). بۆنموونە، بۆ هەر یەک ملیۆن گەردیلیەی هایدرۆجین لە ئاوی سەر زەویدا، نزیکەی 150 دانەی لە جۆری هایدۆجینی قورسن، کەچی لە نەیزەکێکی کلکداری ئاسایی نزیکەی دوو بەرامبەر ئەو ڕێژەیەی هەیە واتا نزیکەی 300 دانە هایدۆجینی قورس. لەوەشەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە لەوەیە لە بەردە نەیزەکیە کلکدارەکانەوە نەهاتبێت ئاوی سەر زەوی، تەنێکی بۆشایی ئاسمانی تر بووبێت. لەکۆتایدا دوای گەڕانێکی زۆر بۆمان دەرکەوتووە ئەو سەرچاوەی کە لەهەموویان زیاتر ئەگەری زۆرترە کە سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی بێت، جۆرە نەیزەکێکی بەردینیە کە پێی دەڵێن کۆندرایتی کاربۆنی(chondrite carbonaceous). کۆندرایت تەنیا ناوێکە بۆ کۆمەڵەیەک بەردی نەیزەکی کە زۆرترین جار بەر هەسارەی زەوی دەکەون. بەڵام تەنها ئەوانەی لە جۆری کۆندرایتی کاربۆنین ئاو لە پێکهاتەکەیان دا هەیە هاوشان لەکەڵ بڕێکی زۆر لە کاربۆن. بۆیەش ئاو لەپێکهاتەکەیان داهەیە چونکە لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەکەمان و لەدەرەوەی سنووری بای خۆری دروست بوونە کە پێی دەڵێن (protoplanetary frost line). 

وە هەروەها ئەو ئاوەی لە پێکهاتەکەیاندا هەیە بەشێوەیەکی زۆر نزیک هەمان ڕێژەی هایدۆجینی قورسیان هەیە وەک ئەوەی لە ئاوی سەر زەوی هەیە.

کە دوای ئەوەی داخلی کۆمەڵەی خۆرەکەمان بوونە و گەشتیان کردووە تا ئەوکاتەی بەبڕێکی زۆر و قەبارەی گەورە بەر زەوی کەوتوون وە لە ئەنجامدا ئاو گەشتۆتە سەر زەوی، کە هەسارەکەمانی لە تۆپێکی قاوەیی و وشەکەوە گۆڕی بۆ شینێکی پڕ ژیان.

ئامادەکردنی: ئارێز محمد.

Comments