جیاوازی چۆن هاته‌ كایه‌وه؟ چی وایكرد ئه‌تۆمه‌كان، گازه‌كان و پاشان هه‌ساره و ئه‌ستێره‌ و گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كان دروست ببن؟


یـه‌كێك له‌و تایبه‌تمـه‌ندیانه‌ی كـاته‌كانی سه‌ره‌تای گـه‌ردوون
هاوشێوازی بووه، هه‌موو به‌شه‌كانی گه‌ردوون له‌ هه‌موو
ڕوانگه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك وابووه‌‌

كه‌واته‌ جیاوازی چۆن هاته‌ كایه‌وه؟
چی وایكرد ئه‌تۆمه‌كان، گازه‌كان و پاشان هه‌ساره و
ئه‌ستێره‌ و گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كان دروست ببن؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ش ئێمه‌ پێویسته‌ له‌ واتای (زبری) تێبگه‌ین له‌ سروشتدا.
كاتێك به‌ گشتی سه‌یری ده‌ریایه‌كی زۆر گه‌وره‌، یان ئۆقیانووسێك ده‌كه‌یت، هه‌ست به‌ یه‌ك شێوازی ئاوی ده‌ریاكه‌ ده‌كه‌یت، به‌ڵام كاتێك له‌ شه‌پۆله‌ جیاوازه‌كانی ناو ئاوه‌كه‌ ده‌ڕوانیت، هه‌ست به‌ جیاوازی ده‌كه‌یت.
به‌ هه‌مانشێوه‌ش، گه‌ردوون به‌ گشتی هاوشێواز بووه‌، به‌ڵام كاتێك بیر له‌ گه‌ردوون ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی پێكێنه‌ره‌ بنه‌ماكانی، له‌و كاتانه‌دا، هه‌ست به‌ ده‌ركه‌وتنی جیاوازییه‌كان ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر بچووك.
له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌شدایه‌ كه‌ شه‌پۆلی جیاوازی (كۆنتومی) دروست ده‌بێت.
ئه‌و شه‌پۆلانه‌ كه به‌‌ (شه‌پۆلی كۆنتومی) ناسراون، به‌ گشتی دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر دوو شێوازی جیاوازی شه‌پۆلی به‌رز و شه‌پۆلی نزم. له‌گه‌ڵ هه‌ڵاوسانی گه‌ردوون، ئه‌و به‌شانه‌ی كه‌ زیاتر له‌ شه‌پۆلی به‌رز پێكهاتبوون كه‌متر هه‌ڵاوسان، وه‌ك له‌ به‌شه‌كانی تر. (هێزی كێشی ده‌وروبه‌ر)، شه‌پۆلی زیاتری له‌و به‌شانه‌ی كه‌ شه‌پۆلی به‌رزی زیاتر بوو، كۆكرده‌وه‌، به‌و هۆكاره‌ش ئه‌و به‌شانه‌ چڕتر ده‌بوونه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌و به‌شانه‌ی كه‌ زیاتر پێكهاتبوون له‌ شه‌پۆلی كۆنتومی نزم، زیاتر چۆڵتر ده‌بوون به‌هۆی له‌ ده‌ستدانی ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌رزانه‌شی كه‌ له‌ ناوه‌ندی شه‌پۆله‌ نزمه‌كاندا په‌یدا ده‌بوون.

له‌ ئاستێكی ساردبوونه‌وه‌ و هه‌ڵاوسانی گه‌ردووندا، به‌شه‌ چڕبووه‌كان، به‌هۆی هێزی كێشه‌وه‌، داده‌ڕمێنه‌ ناو خۆیان. ئه‌و شوێنانه‌ی چڕبوونه‌وه‌یه‌كی شه‌پۆله‌ به‌رزه‌كانی تێدا گردببۆوه‌، ده‌بن به‌ مادده‌، پاشان ئه‌ستێره‌ و گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كان. ئه‌و شوێنانه‌شی له‌ شه‌پۆلی كورت پێكهاتبوون، ده‌بن به‌ بۆشایی نێوان ئه‌ستێره‌ و گه‌له‌ئه‌ستێره‌كان.

به‌و واتایه‌، بوونی ئه‌ستێره‌كان و گه‌له‌ئه‌ستێره‌كان له‌گه‌ڵ بۆشاییدا وابه‌سته‌یه‌ به‌ جیاوازی له‌ نێوانی چڕبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی به‌رز، له‌گه‌ڵ زیاتر هه‌ڵاوسانی ئه‌و به‌شانه‌ی كه‌ زیاتر له‌ شه‌پۆلی كۆنتومی نزم پێكهاتبوون.

به‌ڵام با لێره‌دا ئێمه‌ پرسیارێك بكه‌ین سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌
چی وایكر ئه‌و جیاوازییه‌ی شه‌پۆله‌ به‌رزه‌كان له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌ نزمه‌كان زیاد بكات؟
له‌ وه‌ڵامدا: هه‌ڵاوسانی گه‌ردوونی ئه‌و كاره‌ی كرد.
كاتێك بیر له‌ هه‌ڵاوسانی گه‌رددوون ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌بێ مه‌به‌ست و به‌هۆی شێوازی بیركردنه‌وه‌مان، هه‌ڵاوسانی گه‌ردوونی ده‌خه‌ینه‌ ناو چوارچێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تره‌وه‌، به‌و شێوازه‌ بیر له‌ هه‌ڵاوسانی گه‌ردوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ناو شوێنێكدا، له‌ناو بۆشاییدا، ڕوویدابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر ڕاست نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ سروشتی په‌یدابوونی گه‌ردوون.